کارەساتەکەی11 سێپتەمبەر دوای دە ساڵ
شۆڕش عزیز سورمێ ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو یادی 10یەمین ساڵرۆژی کارەساتی یانزەی سێپتەمبەر کرایەوە، بەئامادەبوونی (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی دەولەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکاو (جۆرج بوش)ـی سەرۆکی پێشووی ئەو ووڵاتە،کە بەیەکەوە یادی ئەو ڕۆژە سامناکەیان کردەوە، ئەویش بە شەش دەقیقە وەستان بۆ گیانی ئەو سێ هەزار قوربانییە بێ گوناهانەی کە لە هێرشە تیرۆریستیەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ بۆسەر نیویۆرک گیانیان لەدەستدا، لە نێو ئەو سێ هەزار قوربانیانەدا هەشتسەدیان بەرەگەز ئیتالی بوون، هەر بۆیە لە ئیتالیاش یادی ئەم ڕۆژە کرایەوە.
بەڵام ئەمساڵ ساڵیادی ئەو کارەساتە جیاوازی هەبوو لەگەڵ ساَلانی پێشووتر، ئەویش یەکەم یادکردنەوە بوو بە بێ بوونی ئوسامە بن لادن کرایەوە، کە مانایەکی تری هەبوو بەتایبەتی بۆ کەس و کاری قوربانیانی ئەو کارەساتە.
دوای ئەوەی ئەمەریکا توانی پاش نۆ ساڵ و نیو تۆڵەی خۆی وەربگرێتەوە ئەویش بە کوشتنی بن لادن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە لە مانگی ئایاری ڕابردوو ئەنجامدرا.لە ڕاستیدا هێرشەکەی ١١ی سیپتەمبەری ٢٠٠١ یەکەم کارەسات نەبووە لە نیویۆرک ڕووبدات، بەڵکو شەست وشەش ساڵ لەمەوبەریش شاری نیویۆرک هەمان کارەساتی هاوشێوەی بە خۆوە بینی،کاتێک فرۆکەیەکی جەنگی خۆی دا بە باڵەخانەی(لامپایر ستیت) کە بەرزترین باڵەخانەی ئەو شارە بوو،ولە ئەنجامدا ١١ کرێکار بوونە قوربانی و ٢٦ کەسی تریش برینداربوون کە لە نێو باڵەخانەکەدابوون، ئەو رووداوەی ئەو کات لە ڕۆژی پشوودا روویدا کە شەممە بوو، بەهۆی تەمومژیەکی زۆر کە بەرینایی ئاسمانی ئەو شارەی داگرتبوو، گەر لە ڕۆژێکی ئاساییدا ڕوویدابایە ئەوە بێ گوومان ژمارەی قوربانیان بەرزتر دەبوو.
هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەری، بەڵام ڕەنگە هەر ئەو ڕووداوەیش بێت، ئەو بیرۆکەیەی لەلای ڕێکخراوی قاعیدە دروست کردبێت و هێرشێکی تیرۆریستی لەو جۆرە ئەنجام بدات. کارەساتەکەی ١١ سێبتەمبەر تا ئێستاش زاڵە بەسەر بیری زۆربەی زۆری ئەمەریکیەکان، بەڵام بە پێی ئەو ئامارەی کە بەم دواییە ئەنجامدراوە دەردەکەوێت کە نیوەی هاوولاتیانی ئەمەریکی پێیان وایە کە کارەساتەکە گۆرانکاری بەسەر ژیانیانیدا هێناوە، بەڵام دوای شەڕی ئەفغانستان و ئێراق کە زیاتر لە (٦٢٠٠) سەربازیان بوونە قوربانی و ئەو شەڕەی کەتا ئێستا زیاتر لە 4000 ملیار دۆلاری تێچووە، ئەوەیش لە کاتێکدا کە شەڕ لە ئەفغانستان و کاری تیرۆریستیش لە ئێراق هێشتا بەردەوامە.












