کۆلۆنێل (قەزافی) و 30 ئەسپەکەی لە ئیتالیا
شورش عزیز سورمێڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، بۆ جاری چوارەم، کۆلۆنێل (موعەممەر قەزافی)ـی سەرۆکی لیبیا، گەییشتە شاری (ڕۆما)ـی پایتەختی ئیتالیا و مەبەستی (قەزافی) لەم سەردانەیدا، بەشداریکردن بوو لە یادکردنەوەی دووەمین ساڵرۆژی بەستنی (پەیماننامەی دۆستایەتی) لەگەڵ ئیتالیا کە لە سالی 2008ـدا لە شاری (بنگازی)لە نێوان هەردوو لادا واژۆکرا. هەروەها (قەزافی) پێش گەییشتنی، 30 ئەسپی تایبەتیی خۆی ڕەوانەی ئیتالیا کرد بە مەبەستی بەشداریکردن لە نماییشی ئەسپ کە لە لایەن هێزەکانی سەربازیی ئیتالیاوە ناسراو بە (کەرەبینێری) ئەنجام دەدرێت.
ئەو سەردانەی (قەزافی) لە کات و ساتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجام درا،چونکە حالی حازر حکوومەتی ئیتالیا لە بارێکی نائاساییدایە، ئەویش بە هۆی ئەو لێکترازانەی کە لە نێو خودی پارتیی (گەلی ئازادی)ـی دەستەلاتداردا دروست بووە،بە تایبەتی دوای ئەو ناکۆکییەی کە لە نێوان(سیلڤیۆ بێرلسکۆنی)ـی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا و (جان فرانکۆ فینی)ـی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەماندا ڕووی دا کە پێشتر لە نێو پارتیی دەستەلاتداردا (فینی) بە پیاوی دووەم لە قەڵەم دەدرا، بەڵام دواتر بە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا، پارتیی (گەلی ئازادی)، بڕیاری دەرکردنی (فینی) لە نێو پارتییەکەی دا، ئەمەش پاڵی بە کۆمەلێک پەرلەمانتارەوە نا کە لایەنگیری (فینی) بوون، دەست لە کار بکێشنەوە.
بیگومان ئەم کێشە ناوخۆییانەی ئیتالیا، بارودۆخی سیاسیی وڵاتەکەی تۆزێک ناسەقامگیر کردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە كە پارتییە بەرهەڵستکارەکانی ئیتالیا، بە تایبەتی پارتیی (دیموکرات) لەسەر هاتنی (قەزافی) ئەوەندە کۆک نین.
لە لایەکی دیكەیشەوە ئەو پێوەندییەی کە لە نێوان (قەزافی) و (بێرلسکۆنی)ـدا هەیە، بۆ پارتییە بەرهەڵستکارەکان گومانی دروست کردووە، لە سەرووی هەموویشیانەوە پارتیی (دیموکرات) کە داوا لە (بێرلسکۆنی) دەکات ڕاستیی ئەو پێوەندییە ئاشکرا بکات کە لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی “نسمە”ـی لیبیادا هەیەتی، چونکە بە بۆچوونی ئەوان، (بێرلسکۆنی) سەرمایەکی زۆری لە ڕێگەی ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنییەی لیبیاوە خۆی خستووەتە کار، بە هەمان شێوە لیبیایش پشکێکی زۆری لە کۆمپانیای (مێدیاسێتی)ـی ئیتالیاییدا هەیە کە خاوەنەکەی (بێرلسکۆنی)ـیە، بۆیە ئیتالیاییەکان لەوە دەترسن کە ئەو پێوەندییەی نێوان (بێرلسکۆنی) و (قەزافی)، لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی تاکەکەسی هەردوو سەرۆکەکە بێت نەک لەسەر ئاستی سیاسی و بەرژەوەندیی هەردوو وڵات، چونکە وەک ئاشکرایە، ئیتالیا ددانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە ساڵانی (1911 -1943) ئەنجامی دابوو ئەو کاتەی کە لیبیای داگیر کردبوو، مەبەست لە بەستنی پەیماننامەی دۆستایەتیی نێوان لیبیا و ئیتالیایش، قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەیە کە ئەو کات بەر لیبیا کەوتبوو .

.jpg)












