هەمان سیناریۆ(G8) لووتکەی
شۆڕش عزیز سورمێ لووتکەی هەشت وڵاتە زلهێزەکانی لە وڵاتی کەنەدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی نوێی بە دەست هێنابێت.
ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی ڕابردوو، چەندین بەڵێن و بڕیاریان دا بێ ئەوەی هیچ یەک لەو بەڵێن و بڕیارانە جێبەجێ بکرێن.
ئەو لووتکەیەی کە ساڵی ڕابردوو لە شاری (ئاکویلا)ـی ئیتالیا بەسترا، سەرانی هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵێنیان بە دانیشتووانانی ئەم شارەدا کە دووچاری بوومەلەرزەیەکی بەهێز هاتبوون، شارەکەیان بۆ بونیات بنێنەوە، کەچی دوای تەواوبوونی لووتکەکە، یەک سەنتیان بۆ خەرج نەکردن.
ئەوەبوو دوای لوتکەی(G8)، ئەمجارە هەستان بە بەستنی لووتکەی(G20) کە لە بیست وولاتی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو پێک هاتبوون و لە وڵاتی کەنەدا بەسترا.
لەبەر ئەوەی کێشەی سەرەکی ئێستا کە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە دەستییەوە دەناڵێنن کێشەی داراییە، بۆیە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاگاداری سەرانی لووتکەی (G20)ی کردەوە کە دەبێت بە زووترین کات چارەیەک بۆ تەنگەژەی ئابووریی جیهان بدۆزنەوە، ئەگەرنا ترسی ئەوە هەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 30 ملیۆن کەس کار لە دەست بدەن، بەم جۆرە ڕێژەی بێکاری لە داهاتوودا ڕوو زیادبوون دەکات.
یەک لەو خاڵانەی کە هەر بیست دەوڵەتەکەی کۆ دەکردەوە، ئەو ئامانجە هاوبەشە بوو سەبارەت بە هاندانی گەشەسەندنی جیهانی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەو وڵاتانە سەبارەت بە کەمکردنەوەی بوودجەی ولاتەکانیان بۆچوونیان جیاواز بوو، ئەمەیش ئەوەی سەلماند کە ئەو نایەنەوێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دارایی خۆیانەوە، چارەی کێشەی دارایی وڵاتانی دیكە بکەن.
وەک ئاشکرایە تاكە ڕێگە لە بەردەم ئەو وڵاتانە، ڕێگەی گەشەسەندنی جیهانی و بوونی سەقامگیریی داراییە، بۆیە دەبێت لەو ڕێگەیەدا لە ڕووی داراییەوە قوربانی بدەن، کەچی لە ڕاستیدا ئەو بیست وڵاتە لە جیاتی ئەوەی هانی گەشەسەندنی ئابووری بدەن، زیاتر گرنگی بە ڕێکخستنی بوودجەکانیان دەدەن کە ئەمەیش ئەنجامی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە.
لەبەر ئەوە زۆر بە ڕوونی لەبەر چاومان دیارە کە ئەو بیست وڵاتە تا ئێستا نەیانتوانیوە سیاسەتێکی گونجاو و ڕێکوپێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی وا لە هەموو لایەک بکەن بڕوایان پێ بکەن و پێشانی بدەن کە توانای چارەکردنی گشت کێشەکانیان هەیە، چونکە هەموو ساڵێک لە کۆتایی لووتکەکانیاندا بە دەیان بەڵێن دەدەن، بێ ئەوەی هیچ یەک لەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن.
ئەمجارەیش بەڵینیان دا یارمەتی وڵاتانی هەژار و ئەو وڵاتانە بدەن کە دووچاری نەخۆشیی ئایدز و کە مخۆراکی بوونەتەوە، بەڵام گەر ئەو بەلێنانە جێبەجێ نەکرێن ئەوا بەستنی کاریگەرییەکی دەبێت؟ چ (G20)

.jpg)












